ریکارد سوپاسی ئیدارەی یانەکەی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا

 

دوای ئەوەی ریکارد لە مەشقی یانەی بەرشلۆنە دوور خرایەوە و جۆسیپ گواردیۆلا لە شوێنی ئەو دەستنیشان کرا، ریکارد سوپاسی ئیدارەی یانەکەی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو بەرپرسیاریەتی شکستەکانی ئەم دوو ساڵەی دوایی تیپەکە لە ئەستۆ دەگرێت و گوتیشی:"شەرەفێکی گەورەیە بۆ من، کە ماوەی پێنج ساڵ راهێنەری یانەی بەرشلۆنە بووم، بەرپرسیشم لە هەموو سەرکەوتن و شکستەکانی یانەی بەرشلۆنە.

ریکارد دوورخستنەوەی لە بەرشلۆنە بە شتێکی ئاسایی لە جیهانی تۆپی پێدا وەسف کرد، بەڵام دڵتەنگی خۆیشی لە دوورکەوتنەوە لە یانەکە دەربڕی و گوتیشی:" هەموو ئەندامانی تیپەکە بە راستگۆیانە لە پێناو یانەکەدا کاریان کردووە، منیش بە هەموو تواناکانی خۆم کارم کردووە".

ئەو لە بارەی راهێنەری تازەی یانەکە ( جۆسیپ گواردیۆلا) کە وەرزی داهاتوو تیپەکە لە ئەستۆ دەگرێت، گوتی:" رێزی زۆری دەگرم، چونکە مرۆڤێکی باشە، دەشتوانێت دەسکەوتی زۆر بۆ یانەکە بەدەست بهێنێت.

لە بارەی قسەکانی لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەش، کە گوتبووی ریکارد بەرپرسی یەکەمی هەموو ئەو ئەنجامە خراپانەیە کە دووچاری یانەکە بووەتەوە، رێکارد ئامادە نەبوو هیچ وەڵامێک بداتەوە و هیچ قسەیەکی دەربارەی ئیدارەی یانەکە و یاریزانان و دەستەی هونەریی تیپەکە نەکرد.